ئەبوبەكر بەغدادی ریش و سمێڵی دەتاشێت
بەرپرسێكی پارتی زانیاری نوێ لەبارەی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی رێكخراوی داعش ئاشكرا دەكات و دەڵێت بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە ریش و سمیڵی تاشیون، دەشڵێت عەگال و دشداشە لەبەردەكات، بە ئۆتۆمبێلی مەڕگواستنەوە هاتووچۆ دەكات و خۆی وەك مەڕدارێك نیشاندەدات.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی خەلیفەی داعش و بەرەكانی شەڕ و رەوشی نێو موسڵ زانیاری نوێی ئاشكراكرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەغدادی هەندێ گۆڕانكاری لە شێوەی كردوون بۆئەوەی نەناسرێتەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی زۆر تایبەت بە مەموزینی دراون، ئەبوبەكر بەغدادی ریش و سمێڵی تاشیون، دشداشەی لەبەركردووە و عەگالی لەسەرناوە، جەمەدانی رەشیشی لەگەڵ عەگال لەسەر كردووە.
لەبارەی ئەوەی بەغدادی چۆن ریش و سمێڵی دەتاشێت لەكاتێكدا پێشتر چەكداری داعش بەهۆی ریشتاشین سزادراون، مەموزینی گوتی "ئەوە شتێكی ئاساییە، بەغدادی دەتوانێت ریش و سمێڵی بتاشێت و لەكاتی چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵك ریش و سمێڵی دەستكرد دابنێت".
گوتیشی "بەغدادی پێشتر رێگەی بە چەكدارەكانی دابوو لەكاتی پێویستی ریش و سمێڵیان بتاشن، بەڵام بۆ خۆی شتێكی نوێیە، چەند چەكدارێكیش سوودیان لەوە بینیوە، ریشیان تاشیوە ئینجا رایانكردووە".
لەبارەی هۆكاری ریشتاشینی مەموزینی گوتی "بەغدادی فشاری زۆری لەسەرە، یەكێك لە فشارەكان بارودۆخی نێوخۆی داعشە، كە ژمارەیەك سەركردەی داعش خەلافەتی بەغدادییان قبوڵ نییە، بەتایبەت بیانییەكان". پێشر چەند جارێك شەڕ لەنێوان لایەنگرانی بەغدادی و 8 سەركردەی داعش كە زۆربەیان بیانین، روویدابوو.
ئاشكراكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەبوبەكر بەغدادی یەكێكی دیكە لە زانیارییە تایبەتەكانی سەعد مەموزینی بوو، ناوبراو گوتی "ئێستا لەنێوان بەعاج و رەققە دادەنیشێت، زۆر بەكەمیش هاتووچۆ دەكات".
ئەو باسی سەردانێكی ئەبوبەكر بەغدادی كرد كە 15 رۆژ پێش ئێستا هاتووەتە موسڵ و گەڕاوەتەوە، مەموزینی گوتی "بەغدادی لە سەردانەكەیدا سەردانی رۆژهەڵاتی موسڵی كردووە كە شەڕێكی قورسی تێدایە و چەكدارەكانی بەسەركردووەتەوە، بەڵام بە یەكێك لە پێنج پردەكان نەپەڕیوەتەوە، بەڵكو سوودی لە بەلەم وەرگرتووە".
ئەو بەرپرسەی پارتی نهێنییەكی دیكەی خەلیفەی داعشی ئاشكراكرد و گوتی "بەغدادی لە بەعاجەوە بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی مەڕ هاتووەتە موسڵ و گەڕاوەتەوە، واتە وەك مەڕفرۆشێك خۆی دەرخستووە بۆئەوەی نەناسرێتەوە".
سەعید مەموزینی كە یەكێكە لەو بەرپرسانەی لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە نێوەڕاستی 2014 زۆرترین لێدوانی لەبارەی رەوشی نێو موسڵ داون و بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی شارەكە هەیە، لەبارەی زانیارییەكانی گوتی "ئەو زانیارییانەی بۆ من هاتوون سەد لە سەد راستن و هیچ گومانێكیان لەسەر نییە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەو زانیارییانەی چۆن بەدەست گەیشتوون؟ مەموزینی گوتی "پێشتریش زانیاری لەبارەی بەغدادی ئاشكراكراون، هەر بەهۆی دركاندنی زانیارییەكان 15 كەسی دەوروپشتی خۆی كوشتوون". گوتیشی "جارێكیان ژەهرخوارد كراوە، جارێكی دیكە هەوڵی كوشتنی دراوە و ویستوویانە كودەتای بەسەردا بكەن".
لەبارەی كێشە نێوخۆییەكانی داعش بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی گوتی " دوو كەس كێبڕكێیان لەگەڵ دەكرد و دەكرا شوێنی بگرنەوە، ئەوانیش ئەبو عومەر چیاچانی و ئەبو محەممەد عەدنانی بوون، بەغدادیش هەردووكی بەكوشتن داون".
زانیاری زۆرتریشی ئاشكراكرد و گوتی "بەغدادی شوێنی چیچانی بۆ هاوپەیمانان ئاشكراكردووە بۆ ئەوەی بكوژرێت، ئەبو محەممەد عەدنانی، گوتەبێژی داعشیشی بەهەمانشێوە بەكوشتن دا".
عەدنانی كۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵ لە نزیك حەلەب كوژرا، مانگی سێی ئەمساڵبش وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند لە نزیك شارۆچكەی شەدادییەی سووریا ئەبو عومەر چیچانییان كوشتووەتە و فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كراوەتە ئاماند.
مەموزینی گوتیشی "ئێستا كێشە لەنێوان سەركردەكانی داعش هەیە، ئەوان پێیان خۆشنییە بەغدادی خۆی لەدووری شەڕ بووەستێت و تەنیا ئەمریان بەسەردا بكات، عێراقییەكانیش زیاتر بەغدادییان قبوڵە".
لەبارەی شەڕی موسڵ كە زیاتر لە 70 رۆژە دەستیپێكردووە، مەموزینی گوتی "داعش پێنج بۆ حەوت هەزار چەكداری لەنێو موسڵ ماون، بەغدادی خۆی سەرپەرشتی شەڕەكە دەكات، بەڵام لە رێگەیەكی دوورەوە، لە رێگەی والی موسڵ و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی داعش لە موسڵ".
سەبارەت بە رەوشی خەڵكی موسڵیش بەتایبەت ئەو گەڕەكانەی لەژێر دەستی داعشدان، سەعید مەموزینی گوتی "رەوشی ژیان زۆر خراپە، سەرمایە و نەوت نییە، 12 منداڵ لە سەرمان گیانیان لەدەستداوە، ئێستا 20 لیتر نەوتی سپی بە 150 هەزار دینارە".
٢٩ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٩:٢٤
News ID: 801592
بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە ریش و سمیڵی تاشیون، دەشڵێت عەگال و دشداشە لەبەردەكات، بە ئۆتۆمبێلی مەڕگواستنەوە هاتووچۆ دەكات و خۆی وەك مەڕدارێك نیشاندەدات.